گوندە کشتوکاڵییەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-28-09:48:00 - کۆدی بابەت: 3854
گوندە کشتوکاڵییەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا

ناوه‌ڕۆك

بڵاوبوونەوەی گوندە کشتوکاڵییەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا

گوندە کشتوکاڵییەکان، لە باشووری کوردستان هاتنە زۆربوون، وەکو گوندی حەسونە لە باشووری شاری موصل، هاوچەرخی هەردوو گوندی شەمشارە لە دەشتی ڕانیە و گوندی چوخەمامی نزیکی مەندەلی بوو، شوێنەواری چەندین گوندی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی دوای هەزارەی شەشەمی پێش زاین، لەوانەش گردی حەلەف لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر زێی خاپوور لە سوریا، و گوندی ئارپەچی لە نزیکی نەینەوا و گردی تەپەسەراب لە نزیکی کرماشان. گوندە کشتوکاڵییەکان لە ناوەند و باشووری عێراقیشدا زۆر بوون و تەشەنەیان سەند، وەکو گردی الصوان لە نزیکی سامەرا. لە نیوەی دووەمی چاخی بەردینی کانزایی ٥٦٠٠-٣٥٠٠ پێش زاین گوندی کشتوکاڵی لە باشووری عێراقدا پەیدابوون و شوێنەوارەکانی وەکو (تل العبید و تل الحاج محمد) دۆزراونەتەوە. هاوشان لەگەڵ گوندی کشتوکاڵی، پێشکەوتنی شارستانی بەرچاو دەبینرێت، وەکو هەڵکەندنی جۆگەکانی ئاودێری، لە گوندی چوخەمامی تۆرێک لەم شێوەیە دیتراوە. لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئەم سەردەمە ژمارەیەک پەیکەر قوڕ دۆزرایەوە کە ئاماژەن بۆ پەیدابوونی سەرەتاکانی بت پەرستی و لادان لای مرۆڤ، کە شێوەی خوداوەندی دایک بەرجەستە دەکەن، وەک گوندی چەرمۆ و تەپەسەراب و ئارپەچی. هەر لەو شوێنەوارە ئاماژە پێکراوانە، هەندێک لەو ئامرازانە دۆزراونەتەوە کە ئافرەتان بۆ جوانکاری بەکاریان هێناوە کە لە بەرد و ئێسک دروستکراون. لە کۆتایی هەزارەی شەشەمی پێش زایندا، بەکارهێنانی کانزا باوی هەبوو، لە گردی حلف و تەپەگورا ئامرازی لە کانزا دروستکراو دۆزراوەتەوە. هەروەها مرۆڤ لە چەرخی گڵکاری کانزای لە دروسکردنی قاپ و قاچاغی سوورکراودا بەکارهێنا. لە کۆتایی چآخی بەردینی کانزایدا، مۆری لوولەیی بەکارهات. و پەرستگا لە باشووری عێراق و تەپەگورا بنیاتنرا. لە دەورووبەری ٣٢٠٠ ساڵ پێش زاین مرۆڤ نووسینی وێنەیی دۆزییەوە و لە دەورووبەری ٢٨٥٠دا لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا سوودی لێ بێنی و بەمە مێژووی مرۆڤایەتی چووە قۆناغی سەردەمە مێژووییەکانەوە.


سەرچاوەکان



1343 بینین